جه‌نابی سه‌رۆك!
به‌شدارانی به‌ڕێز
دۆستانی هێژا
سكرتێری گشتیی ئه‌وكاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دوكتور عبدالرحمن قاسملوو و عبدالله قادری ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی‌و به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی ولات و دوكتور فازڵ ره‌سول له رێكه‌وتی 13ی جولای 1989 لێره له شاری ئێوه "وییه‌ن" به ده‌ستی تیرۆریسته‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ر میزی وتووێژ تیرۆر كران. ئه‌مڕۆ به بۆنه‌ی بیسته‌مین ساڵی ئه‌م تیرۆره دژی مرۆڤایه‌تییه، هاوخه‌باته‌كان، دۆستان‌و ئۆگرانی ئه‌م پیاوه دێموكرات‌و ئاشتیخوازانه لێره كۆبووینه‌وه تا یادی ئه‌م خه‌باتكارانه‌ی رێگای ئازادی به تایبه‌ت یادی سكرتێری ئه‌وكاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به‌رز رابگرین‌و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م كرده‌وه دزێوه بۆ جارێكی دیكه مه‌حكووم بكه‌ین.
دۆستان!
تیرۆری دوكتور قاسملوو نه یه‌كه‌مین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی بوو نه ئاخرینیان، به‌ڵكوو پێش ئه‌م تیرۆره‌و به‌دوای ئه‌مه‌شدا سه‌دان كه‌س له تێكۆشه‌ران‌و كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی بگره تا ئه‌ندامانی ساده‌ی ئه‌و حیزبانه له نێوخۆی ئێران‌و له وڵاته دوور‌و نزیكه‌كان‌و به تایبه‌ت وڵاتانی ئورووپایی تیرۆر كراون، كه هه‌موویان خه‌سارێكی گه‌وره‌ن له تێكۆشه‌رانی رێگای ئازادی وڵاتی دیكتاتۆرلێدراوی ئێران. هه‌رچه‌ند ده‌ستی تاوانی رێژیم له هه‌مووی ئه‌و تاوانانه‌دا روونه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وای‌دابنێین به‌ڵگه‌ی دادگاپه‌سند بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی به‌شێك له‌م تاوانانه له لایه‌ن رێژیمه‌وه له ده‌ستدا نه‌بووبێ، لانیكه‌م قاتڵه‌كانی تیرۆری وییه‌ن به دوای قه‌تڵه‌كه‌دا له لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه ده‌ستگیر كران، به‌ڵام به‌داخه‌وه به بڕیارێكی سیاسی حكوومه‌تی ئه‌وكاتی ئوتریش به ئیسكۆرت ره‌وانه‌ی فرۆكه‌خانه كران تا به سڵامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه تاران‌و له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی ئێرانی به ده‌ستخۆشانه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م مه‌ئمووریه‌ته گرنگه پێشوازی‌و پاداش بكرێن.
به بۆچوونی ئێمه ئه‌و تاوانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئوتریش له تاوانی تیرۆره‌كه قورستر‌و ناشایسته‌تره، چونكه ئه‌گه‌ر له رێژیمی دواكه‌وتووی كۆماری ئیسلامی‌دا ئه‌م چه‌شنه كرده‌وانه‌و كوشتاره به‌كۆمه‌ڵ‌و ترسناكه‌كانی ئازادیخوازانی ئێرانی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك‌و له هه‌ر جێگایه‌ك بۆی ده‌ست بدا چاوه‌ڕوان كراوه، له ده‌وڵه‌تێكی ئورووپایی وه‌كوو ئوتریش كه ئه‌زموونی تاڵی ده‌سه‌ڵاتی هیتلێر‌و كوشت‌و بڕی ئازادیخوازانی وڵاته‌كه‌ی به ده‌ست حكوومه‌تی نازی له‌به‌ر ده‌ستدایه‌و ئیدیعای دێموكراسی، عه‌داڵه‌ت‌و دژی تیرۆر ده‌كا، چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو. ئه‌م كرده‌وه‌ی ئوتریش تاوان بوو به گه‌لی كورد، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و هه‌موو ئازادیخوازانی ئێران.
بێگومان ئه‌و په‌ڵه ره‌شه له داوێنی ئوتریش پاك نابێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی به‌رپرسانی ئوتریشیی ئازادكران‌و ناردنه‌وه‌ی بكوژه‌كان بۆ تاران، لێپرسینه‌وه‌یه‌كی عادڵانه‌یان لێنه‌كرێ، یان ده‌وڵه‌تی ئوتریش له گه‌لی كورد‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران عوزر نه‌خوازێ. به‌داخه‌وه له ئێستاشدا كه به هۆی مل بادانی كۆماری ئیسلامی له بڕیاره‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی 3 قه‌راری سزادان له لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌م رێژیمه‌دا سه‌پاوه، وڵاتی ئوتریش یه‌كێك له وڵاته چالاكه‌كانی ئورووپایی بۆ بازرگانی كردن له‌گه‌ڵ ئێراندایه‌و، به‌سه‌دان كۆمپانیای ئه‌و ولاَته له ئێران‌دا چالاكن، بیجگه له‌وه قسه له به‌ستنی قه‌راردادێكی 22 میلیارد دۆلاری له نێوان كۆمپانیای نه‌وتی ئوتریشی‌و ئێرانی له ئارادایه. وڵاتانی دیكه‌ی ئورووپایی به تایبه‌ت ئاڵمانیش له ریزی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دایه كه قه‌راردادی بازرگانی زۆر‌و زه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌و حكوومه‌ته هه‌یه‌و ئاڵمان ته‌نانه‌ت له فرۆشتنی ئه‌و كه‌ره‌سه تێكنیكیانه‌ی كه بۆ سه‌ركوتی ئازادبیرانی ئێرانی كه‌ڵكیان لێ‌وه‌رده‌گیرێ به‌و وڵاته دریغی نه‌كردووه.
كۆماری ئیسلامی‌یه‌ك كه به‌پێچه‌وانه‌ی بڕیاراتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به خێرایی له دروست كردنی یه‌كه‌مین بۆمبی ناوكی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه، گه‌وره‌ترین‌و به‌هێزترین له‌مپه‌ره له سه‌ر رێگای ئاشتی نێوان فلستین‌و ئیسرائیل‌و به به‌رچاوی دونیاوه حاشا له رووداوی هولوكاست ده‌كا، راشكاوانه باس له سرێنه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌كا. به پێكهێنان‌و به‌هێز كردنی تاقمگه‌لی ئیسلامی بناژۆگه‌را ده‌ست له كاروباری وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست وه‌رده‌دا‌و به‌م چه‌شنه بۆته یه‌كێك له هۆكاره سه‌ركییه‌كانی ئاژاوه‌و ناسه‌قامگیری له‌و ناوچه‌یه‌دا. له نێوخۆی ولاتیشدا سه‌ركوت‌و زه‌بر‌و زه‌نگی ئه‌و رێژیمه له سه‌ر گه‌ڵانی مافخواز، ژنان‌و كه‌مه ئایینی‌یه‌كان رۆژ به رۆژ توندتر ده‌بێ. كرێكاران‌و مامۆستایانی قوتابخانه ته‌نیا له‌سه‌ر داوای موچه‌ی دواكه‌وتووی چه‌ندین مانگه‌یان ده‌خرێنه زیندان‌و ئاوسانی نزیك به 30%ی‌و نه‌خۆشییه كۆمه‌ڵایه‌تییه جۆراوجۆره‌كان ژیانیان بۆ ئێرانییه‌كان نه‌هێشتووه.
وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به 70 ملیۆن حه‌شیمه‌ته‌وه له ژێر رێنوێنی‌و فه‌رمانه ئایینیه‌كانی یه‌ك كه‌سدا به‌رێوه ده‌چێ، داهاتی ئه‌و وڵاته بۆ گرووپێكی ملكه‌چی وه‌لی فه‌قیه‌و هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كان‌و گرووپه تیرۆریست‌و فۆندامێنتاڵه‌كان سه‌رف ده‌كرێ‌و به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكه‌كه‌ی له ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌كی ئه‌تۆدا ده‌ژین كه بۆ تێركردنی سكی برسی منداڵه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، گورچیله‌كانیان‌و كچه‌كانیان ده‌فرۆشن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و رێژیمه له هه‌ل‌و مه‌رجێكی تایبه‌تیدا‌و به هۆی هێندێك هۆكاری ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی دامه‌زرا، ده‌توانین یه‌كێك له هۆیه‌كانی سه‌قامگیری‌و پته‌وبوونه‌كه‌ی ئه‌و یارمه‌تییه به‌ربلا‌وه بازرگانی‌و تێكنیكی‌یانه بزانین كه له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاوا به‌و رێژیمه كراوه.
بۆ ریكخراوه دێموكرات‌و یه‌كسانیخوازه‌كانی رۆژهه‌ڵات‌و یه‌ك له‌وان كورده‌كان‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هه‌میشه ئه‌و پرسیاره له ئارادایه كه چۆن ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی كه لافی ئازادی، دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ لێده‌ده‌ن له یارمه‌تیدان‌و به‌هێزكردنی نیزامه دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌و له سه‌روی هه‌مویانه‌وه كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ یه‌كتری له كێبه‌ركێ‌دان؟ ئایا دروشمه‌كانیان سه‌باره‌ت به پشتیوانی كردن له مافی مرۆڤ، دێموكراسی‌و ئازادی به نیسبه‌ت كرده‌وه‌كانیان له ناوچه‌ی ئێمه‌دا ناته‌با نین؟
به‌ڕێزان!
دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه كۆماری ئیسلامی هه‌ستی به‌وه كردبا كه به‌هۆی كرده‌وه دژی مرڤایه‌تییه‌كانیه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ره‌نگاری جیددی رۆژئاوا به‌ره‌وڕوو ده‌بێ به سیاسه‌ته‌كانی خۆی‌دا ده‌هاته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن دوای تیرۆری سكرتێری دیكه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران د.سادق شه‌ره‌فكه‌ندی‌و هاوڕێیانی له رێكه‌وتی 17ی سێپتامبری 1992 له بێرلین كاتێك به حوكمی دادگایه‌كی ئه‌م ولاَته قاتڵه‌كان ده‌ستگیر كران‌و سزای قانوونیی خۆیانیان وه‌رگرت‌و سه‌رانی هه‌ره پله‌به‌رزی رێژیم به پیلانداڕێژی ئه‌و قه‌تلاَنه ناوبران، كۆماری ئیسلامی ده‌ستی له تیرۆری نه‌یارانی خۆی له ئورووپا هه‌ڵگرت.
ئێمه به شاره‌زایی ته‌واومان له سه‌ر ئیدئولۆژی رێژیم‌و ئه‌زموونی 30 ساڵ ده‌سه‌لاَتداری‌یه‌كه‌ی پێمان وایه هه‌رچه‌ند ئێستا دره‌نگ بووه، به‌لاَم بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ش دره‌نگتر نه‌بێ پێویسته ولاَتانی ئورووپا‌و ولاَته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا به هاوكاری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و باقی هاوپه‌یمانه‌كانیان له دنیادا مه‌ترسی كۆماری ئیسلامی به‌كه‌م نه‌گرن‌و به شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و لێبڕانه‌تر، له راستای به‌چۆكدا هێنانی هه‌نگاو هه‌ڵگرن. به تایبه‌ت كه به‌ڕێوه‌چوونی شانۆی ئه‌م دوایی‌یانه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری له ئێران، هیچ جێگای دوو دڵیی نه‌هێشته‌وه كه ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانیشن‌و هیوابه‌ستن به چاكسازی‌و رێفورم له‌م رژێمه‌دا هیچ ئاكامێكی نابێ.
ئه‌وه‌ش زیاد كه‌م كه سیاسه‌تی وتووێژ‌و نه‌رمی‌نواندنی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكاش به ئاكامێك ناگا، بێجگه له‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی هه‌ل‌و كاتی باشتری ده‌ست ده‌كه‌وێ بۆ پێشخستنی به‌رنامه ناوكی‌یه‌كه‌ی‌و، چنگ قایمتر كردنی له ولاَتانی رۆژهه‌لاَتی نێوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت عێراق‌و فلستین. له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا بۆچوونه‌كانی خۆم كه له وتارێكدا ئاماده كراوه پێشكه‌شتان ده‌كرێ.
له كۆتایی‌دا پێویسته ئیشاره به‌و راستی‌یه‌ش بكه‌م كه گه‌لی كورد‌و، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به هاوكاری باقی رێكخراوه سیاسی‌یه دێموكراتخوازه‌كانی ئێرانی‌و هه‌موو نه‌ته‌وه په‌راوێزخراوو سته‌ملێكراوه‌كانی ئه‌م ولاَته، هه‌روه‌ها به پشت به‌ستن به وشیاری هه‌موو چین‌و توێژه ماف پێشێلكراوه‌كانی ئێران خه‌باتی خۆمان به‌دژی كۆماری ئیسلامی به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی ئاڵوگۆڕه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كان له‌و رێژیمه‌دا به ره‌نج‌و قوربانیدانی له‌وه‌ش زیاتر كه له‌و رێگایه‌دا داومانه، ده‌به‌ینه پێش. به‌لاَم راستی‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنگره كه یارمه‌تی‌و هاوكاریی ولاَتانی دێموكرات ده‌توانێ رێگای گه‌یشتن به مه‌به‌سته‌كانمان كورتتر بكاته‌وه، راده‌ی قوربانی‌یه‌كان، تیرۆری دوكتور قاسملووه‌كان‌و، كوشتن، زیندانی‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی مافخوازانی نێوخۆ دابه‌زێنێ‌و، له لایه‌كی دیكه‌وه تیرۆر، كوشتار‌و وێرانی له ئیسرائیل، فلستین‌و باقی ولاَته‌كانی ناوچه به‌كۆتایی بێنێ‌و مه‌ترسی‌یه‌كانی ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی ئه‌و رێژیمه به چه‌كی ناوكی كه مه‌ترسی لانیكه‌م بۆ به‌شێكی زۆر له دنیا به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا‌و ئورووپایه ته‌واو بكا.
له كۆتایی‌دا، قسه‌كانم به وته‌یه‌كی دوكتور قاسملووی نه‌مر ته‌واو ده‌كه‌م كه ده‌یگوت:" باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌دانی رێگایانه".
سپاستان ده‌كه‌م كه له یادی بیست ساڵه‌ی تێكۆشه‌ری رێگای ئازادی‌و دێموكراسی دوكتور قاسملوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به‌شداریتان كرد‌و گۆیتان له قسه‌كانم گرت.