هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌كان!
خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستان!
كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌كانی لایه‌نگری مافی مرۆڤ !
رێژیمی كۆماری ئیسلامی كه له سه‌ر بناغه‌ی ئیدئۆلۆژییه‌كی دواكه‌وتووانه دامه‌زراوه، ماوه‌ی زیاتر له سی ساڵه ده‌سه‌ڵاتی زۆردارانه‌ی خۆی به سه‌ر خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران‌دا سه‌پاندووه. نێورۆكی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئه‌و رێژیمه بۆته سه‌رچاوه‌ی جیاوازیدانان‌و هه‌ڵاواردنی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران‌و بێبه‌ش كردن له ماف‌و
ئازادییه‌كانیان. خۆی به‌حه‌ق‌و له سه‌رووی ئیراده‌ی خه‌ڵك ده‌بینێ‌و خه‌ڵك وه‌ك ئامرازی په‌ره‌پێدانی بیری چه‌وتی خۆی سه‌یر ده‌كا.
ئه‌و رێژیمه هه‌ر بیرێكی ئازادی‌و دێموكراسیخوازی‌و به‌رابه‌ریی ژن‌و پیاو، مافی مرۆڤ و داوای مافی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌ته‌وه زۆرلێكراوه‌كانی ئێران دژ به باوه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌كانی خۆی ده‌زانێ‌و وه‌ڵامی هه‌ر داوایه‌كی له‌و بابه‌ته به دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خودا‌و به دیارده رۆژئاوایی‌یه‌كان ناو ده‌با كه ده‌بێ به توندی سه‌ركوت بكرێن. هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه كه وه‌ك رێژیمێكی دیكتاتۆری مانه‌وه‌ی خۆی له سه‌ركوت، زیندانی‌و ئیعدامی خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران‌دا ببینێ. ئه‌وه‌ش ره‌فتارێك بووه كه له هه‌موو ته‌مه‌نی ئه‌و رێژیمه‌دا ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران ئه‌نجامی داوه. یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئه‌مڕۆی ئێران له باوه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه به‌م حاڵه‌ش ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه‌شدا ئاماده نیه گوێ له ویست‌و داخوازی خه‌ڵك بگرێ‌و خۆی پابه‌ند به‌و یاسایه‌ش نازانێ.
دڕنده‌یی، دژی ئینسانی‌و دژی ئازادی بوونی كۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ر له سه‌رتاوه تا ئێستا ناسێنه‌ری ئه‌م رێژیمه بوون‌و به‌و پێیه هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كردووه ئاكامه‌كه‌ی كوژران، گیران‌و ئاواره‌بوونی به میلیۆن له خه‌ڵكی ئێرانی لێی كه‌وتوته‌وه، ئێستاش به تایبه‌ت پاش به‌ناو هه‌ڵبژاردنی ده‌هه‌مین ده‌وره‌ی سه‌رۆك كۆماری‌و ئیعتراز به ساخته‌كاریی ئاشكرا له‌و به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌دا كه خرۆشانی خه‌ڵكی نارازی‌و ده‌ربڕینی رق‌و بیزاریی په‌نگخواردووی زیاتر له سێ ده‌یه‌ی گه‌لانی ئێرانی لێكه‌وته‌وه‌و حه‌ركه‌ته ئیعترازییه به‌رینه‌كانی 7 مانگی رابردووی به دوادا هات كه به ناوی جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز ناسراوه، بێ‌په‌رده‌تر، به به‌رچاوی بیروڕای گشتیی جیهانییه‌وه ده‌ستی به گرتنی به لێشاوی خه‌ڵك‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندانییان‌و ده‌ركردنی حوكمی ئیعدام به دژی ناڕازییان‌و ئازادیخوازانی ئێرانی كردووه كه ئه‌و حوكمه داسه‌پێندراوانه به‌داخه‌وه له دژی ژماره‌یه‌ك له زیندانییه سیاسییه‌كان به‌ڕێوه‌چوون‌و به‌شێكی دیكه‌ش مه‌ترسیی به‌ڕێوه‌چوونی حوكمی ئێعدام‌یان له سه‌ره. له‌و پێوه‌ندییه‌دا وه‌زعیه‌تی زیندانییه سیاسییه‌كانی كورد مه‌ترسیدارتره. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له كوردستان حه‌ره‌كه‌تی ناره‌زایه‌تیی خه‌ڵك به شێوه‌ی تاران به‌ڕێوه نه‌چوو، به‌ڵام تا ئاماده‌كردنی ئه‌و به‌یاننامه‌یه 21 كه‌س له تێكۆشه‌رانی كورد به بیانووی بێ‌بنه‌ما حوكمی ئێعدام‌یان به سه‌ردا سه‌پاوه‌و ئه‌و حوكمه ده‌رحه‌ق به چه‌ند كه‌سێكیان به‌ڕێوه چووه. به پێی ئه‌زموونی رابردوو قین له‌دڵی رێژیم ده‌رحه‌ق به گه‌لی كورد، هه‌موو ئه‌و لاوه تێكۆشه‌رانه‌ی كورد كه ئه‌و حوكمه ناعادڵانه‌یان به سه‌ردا سپاوه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی زیاترن.
له هه‌لومه‌رجێكی دژواری ئه‌وتۆدا كه ئازادیخوازانی ئه‌و وڵاته به‌تایبه‌تی ئازادیخوازانی كورد له گه‌ڵی به‌ره‌وڕوون، بێ هه‌ڵوێستی له‌وه زیاتر رێگای خولقاندنی جینایه‌تی له‌وه زیاتریش بۆ رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆش ده‌كا‌و گیان‌و چاره‌نووسی هه‌زاران هاووڵاتیی دیكه له‌گه‌ڵ مه‌رگ‌و زیندانی‌و ئه‌شكه‌نجه به‌ره‌وڕوو ده‌كا. بۆیه كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له هه‌شته‌مین پلینۆمی خوێ له رۆژانی 10و 11ی رێبه‌ندانی 1388ی هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به 30و 31ی ژانویه‌ی 2010ی زایینی‌دا درێژه‌ی ئه‌و ره‌وته له سه‌ركوت‌و ئێعدام به حاڵه‌تێكی پرَ مه‌ترسی بۆ حه‌ره‌كه‌تی ئازادیخوازی له ئێران‌و گیانی زیندانییانی سیاسی دانا‌و هه‌وڵدان بۆ پێش‌گرتن به‌و ره‌وته‌ی به ئه‌ركێكی جیددی‌و به‌په‌له‌ی كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌كانی لایه‌نگری مافی مرۆڤ، دامه‌زراوه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان‌و خه‌ڵكی ئێران زانی.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌موو نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی خۆی له وڵاتانی جۆراوجۆر ئه‌ركدار كردووه كه به سه‌ردان له‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵانه‌و هه‌ر لایه‌نێكی پێوه‌ندیدار، مه‌ترسییه‌كانی درێژه‌ی ئه‌و ره‌وته له قاو بده‌ن، له هه‌مان حاڵ‌دا بۆ هه‌ر كارێكی هاوبه‌ش‌و هاوكارییه‌كی شوێندانه‌ر ئاماده‌یی خۆی ده‌رده‌بڕێ‌و ئه‌وه‌ش به ئه‌ركێكی گرینگ له به‌رانبه‌ر چاره‌نووسی هه‌موو به‌ندكراوان‌و مه‌ترسی له سه‌ر گیانی زیندانییان به‌تایبه‌تی زیندانییانی سیاسیی كورد، بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێ. به‌و هیوایه ده‌نگهه‌ڵبڕینی هه‌موو لایه‌ك‌و هه‌وڵه‌كانی كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه به‌شه‌ردۆسته‌كان بتوانێ یارمه‌تی به رزگاریی به‌ندكراوان‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی مه‌ترسی له سه‌ر گیانی ئه‌وانه بێ كه حوكمی ناره‌وای ئێعدام‌یان به سه‌رداسه‌پاوه.
به هیوای هه‌وڵی به‌رده‌وام‌و به‌ربڵاوی هه‌موو لایه‌ك
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كومیته‌ی ناوه‌ندی
13/11/1388ی هه‌تاوی
2/2/2010ی زایینی