Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.compt type="text/javascript">
 

راگه‌یه‌ندراوی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ بۆنه‌ی‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ پلینۆمی‌ ده‌یه‌م

كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، هه‌ڵبژێردراوی‌ كۆنگره‌ی‌ چوارده‌هه‌م، پلینۆمی‌ ده‌یه‌می‌ خۆی‌ له‌ كاتژمێر 9ی‌ به‌یانیی‌ ڕۆژی‌ سێ‌ شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی‌ 19ی‌ ڕێبه‌ندانی‌ 1389ی‌ هه‌تاوی‌ به‌رانبه‌ر به‌ 8ی‌ فێوریه‌ی‌ 2011ی‌ زایینی‌ به‌ به‌شداری‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌سڵی‌‌و جێگرانی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌‌و به‌ به‌شداری‌ راوێژكاری‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ و نوێنه‌ری‌ كۆمیته‌ی‌ كاروباری‌ حیزبی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات پێكهێنا. پاش دوو ڕۆژ كاری‌ به‌رده‌وام و چالاكانه‌ی‌ به‌شدارانی‌ پلینۆم له‌ باس و بابه‌ته‌كاندا ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، رێكه‌وتی‌ 20ی‌ ڕێبه‌ندان كۆتایی‌ به‌ كاره‌كانی‌ هێنا.
ده‌سپێكی‌ كاری‌ پلینۆم به‌خێرهاتنی‌ هاوڕێیانی‌ ڕێبه‌ری‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز كاك مسته‌فا هیجری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزب و خستنه‌ به‌ر نه‌زه‌ری‌ ده‌ستووری‌ كاری‌ پلینۆم و په‌سندكردنی‌ له‌ لایه‌ن به‌شدارانه‌وه‌ بوو. پاشان به‌ڕێز سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزب خوله‌كێك بێده‌نگی‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی‌ پاكی‌ شه‌هیدان، به‌ تایبه‌ت ئه‌و رۆڵه‌ ئازادیخوازانه‌ی‌ كه‌ بێ‌به‌زه‌ییانه‌ له‌ ماوه‌ی‌ نێوان دوو پلینۆمی‌ دواییدا له‌ لایه‌ن رێژیمی‌ دیكتاتۆری‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێرانه‌وه‌ شه‌هید كراون‌و گیانیان له‌ پێناو مافه‌ ره‌واكانی‌ گه‌له‌كه‌یاندا پێشكه‌ش به‌ ئازادی‌ كردووه‌ ڕاگه‌یاند.
بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ كاری‌ پلینۆم كه‌ بریتی‌ بوو له‌ راپۆرتێكی‌ سیاسیی‌ گشتیی‌ له‌ سه‌ر رووداوه‌ سیاسییه‌ گرینگه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ ره‌وشی‌ سیاسیی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و ئێران‌و كورد، پێشكه‌ش به‌ پلینۆم كرا. له‌ راپۆرتی‌ سیاسیی‌ به‌ڕێز سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبدا مه‌سه‌له‌ی‌ خه‌ڵكی‌ باشووری‌ سودان كه‌وته‌ به‌ر باس كه‌ له‌ مێژه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین و ڕزگار بوون له‌ زوڵم و زۆری‌ ده‌وڵه‌تی‌ دیكتاتۆری‌ ناوه‌ندیی‌ سودان له‌ خه‌بات و تێكۆشاندان‌و سه‌ره‌نجام به‌و ئاكامه‌ گه‌یشتن له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سوداندا ناتوانن درێژه‌ به‌ ژیانی‌ سیاسیی‌ خۆیان بده‌ن. پاش هه‌وڵێكی‌ سیاسی‌ له‌ ئاستی‌ نێوخۆیی‌‌و نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ دێموكراتیكدا كه‌ سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی‌ به‌شداری‌ خه‌ڵكی‌ باشووری‌ سودان له‌ ڕیفراندۆمێكدا بوو كه‌ به‌ به‌شداریی‌ چاوه‌دێرانی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ مانگی‌ 1ی‌ 2011ی‌ زایینی‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو زیاتر له‌ 98 له‌ سه‌دی‌ ده‌نگی‌ ئه‌رێنییان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ سودان و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆیان داو له‌ زوڵم و زۆری‌ ده‌وڵه‌تی‌ ناوه‌ندیی‌ سودان ڕزگاریان بوو. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ گه‌لی‌ باشووری‌ سودان له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، كه‌ له‌ ده‌نگدانێكی‌ به‌ریندا به‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نووس گه‌یشت، بۆ گه‌لانی‌ ئێران‌و گه‌لی‌ كورد ئه‌زموونێكی‌ به‌نرخ‌و گرینگه‌، هه‌ر بۆیه‌ پلینۆم ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌لی‌ باشووری‌ سودان به‌رز ده‌نرخێنێ‌و پیرۆزباییان لێ‌ ده‌كا.
به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ باسه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ست تێوه‌ردانی‌ ڕێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ وڵاتی‌ لوبنان‌و دنه‌دانی‌ حیزبوڵڵا بۆ كشانه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیئتلافیی‌ لوبنان و په‌كخستنی‌ ڕه‌وتی‌ به‌دواداچوونی‌ په‌روه‌نده‌ی‌ تیرۆری‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ بوو كه‌ هۆیه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاكامی‌ دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ لاهه‌ سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌‌و ئاشكرابوونی‌ لایه‌نی‌ بڕیارده‌ری‌ ئه‌م تیرۆره‌.
ڕاپۆرته‌كه‌، لایه‌نه‌كانی‌ ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ خستبووه‌ به‌رباس كه‌ ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ كه‌ به‌ خۆپێشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ وه‌زاڵه‌هاتووی‌ تونس له‌ ده‌ست زوڵم‌و زۆر‌و دیكتاتۆری‌‌و نه‌بوونی‌ نان‌و ئازادی‌، ده‌ستی‌ پێكرد‌و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا كۆتاییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆك كۆماری‌، "زین العابدین بن علی‌"‌و حكوومه‌ته‌كه‌ی‌ هێنا، راپۆرته‌كه‌ وێڕای‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ لایه‌نه‌كانی‌ جۆراوجۆری‌ ئه‌م ڕاپه‌رینه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردبوو كه‌ ڕه‌وتی‌ ئه‌م روداوه‌ كه‌ دژی‌ دیكتاتۆری‌ و پێشێلكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌، كارتێكه‌ری‌ له‌ سه‌ر پڕۆسه‌ی‌ دێموكراسیخوازیی‌ باقیی‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌ ده‌بێ‌، هه‌ر ئه‌م كارتێكه‌رییه‌ش بوو كه‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ گرته‌وه‌‌و شه‌پۆلی‌ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی‌‌و خۆپیشاندانانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رینتر گه‌یشته‌ وڵاتی‌ میسر. به‌ هۆی‌ گرینگیی‌ پێگه‌ی‌ میسر له‌ ناوچه‌كه‌دا‌و ڕۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ عه‌ره‌ب‌و ئیسرائیلدا، سه‌رنجی‌ هێزه‌ دژه‌به‌ره‌كانی‌ به‌لای‌ خۆیدا ڕاكێشا. له‌م ڕوانگه‌وه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ دژكرده‌وه‌كانی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ به‌رانبه‌ر ویست‌و داخوازییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ میسر‌و هه‌وڵدانی‌ بۆ به‌ لاڕێدابردنی‌ ئه‌م شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌ كردبوو.
له‌ راپۆڕته‌كه‌دا هاتبوو كه‌:
حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران وێڕای‌ ده‌ربڕینی‌ نیگه‌رانیی‌ خۆی‌ له‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ ده‌سكه‌وته‌ دێموكراتیكه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ راپه‌ڕیوی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌‌و سه‌پاندنی‌ سه‌ره‌ڕۆیی‌ به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌دا له‌ شێوه‌ی‌ حكوومه‌تێكی‌ ئیسلامی‌ كه‌ ئه‌زموونی‌ تاڵی‌ ده‌یان ساڵه‌ی‌ گه‌لانی‌ ئێرانه‌، سه‌رجه‌م داخوازه‌ دێموكراتیكه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ دیكتاتۆر لێدراوی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ ساڵانێكی‌ زۆره‌ له‌ ژێر زوڵم‌و زۆرداری‌ حكوومه‌تگه‌لی‌ سه‌ره‌ڕۆ‌و گه‌نده‌ڵدا سه‌ركوت ده‌كرێن‌و له‌ هه‌موو مافه‌ ره‌واكانی‌ خۆیان بێبه‌شن، به‌ ره‌وا ده‌زانێ‌‌و پشتیوانیی‌ خۆی‌ له‌ خه‌باتی‌ ئه‌وان بۆ لابردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان ده‌رده‌بڕێ‌. له‌ هه‌مانكاتدا هیواداره‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ وریا‌و پێگه‌یشتووی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ گونجاو‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ درووستی‌ رووداوه‌كان‌و سه‌رنجدان به‌چاره‌نووسی‌ ره‌شی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران، به‌ره‌و دامه‌زراندنی‌ حكوومه‌تێكی‌ لائیك هه‌نگاو بنێن كه‌ ئاكامی‌ ئه‌م خه‌بات‌و قوربانیدانه‌ ببێته‌ حكوومه‌تێكی‌ دێموكراتێكی‌ یه‌كسان بۆ هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا به‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاجیاكانییه‌وه‌.
له‌ بڕگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ باسه‌ سیاسییه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌ ڕه‌وشی‌ سیاسیی‌ ڕێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران كرا كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بێ‌ سڵكردن له‌ ڕای‌ گشتی‌ و داخوازیی‌ كۆڕو كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤ دۆسته‌كان بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ پێشێلكردنه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ، له‌و ماوه‌یه‌دا ڕاده‌ی‌ ئیعدامه‌كان‌و گیراوه‌ سیاسییه‌كان زۆرتربوون‌و حوكمی‌ درێژماوه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ ڕۆڵه‌ ئازادیخوازه‌كانی‌ كوردن، خه‌ڵكی‌ كوردستان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ دژی‌ گه‌لییانه‌ی‌ ڕێژیم، له‌ خه‌بات‌و تێكۆشان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ڕه‌واكانیان، به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ شێوازه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ خه‌بات‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رده‌میانه‌ به‌رده‌وامن.
هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی‌ باسه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ وه‌زعی‌ ناله‌باری‌ ئابووریی‌ خه‌ڵك‌و شوێندانه‌ریی‌ گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و وڵاتانی‌ دیكه‌وه‌ كرابوو. ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییانه‌ به‌ شێوه‌ی‌ به‌رچاو كارتێكه‌ریی‌ نه‌رێنییان له‌ سه‌ر ناردنی‌ نه‌وت و ترانزیت و ئاڵوێركردنی‌ پووڵ و بازرگانی‌ و تكنیك داناوه‌، هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا گرفتێكی‌ دیكه‌، كێشه‌ی‌ هه‌ڵگرتنی‌ یارانه‌كانه‌، كه‌ به‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌م داهات‌و بێكاری‌ گرتۆته‌وه‌و له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا‌و له‌ ده‌سپێكی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌میدا، نرخی‌ پێداویستیه‌كان له‌ 30% تا 400% چوونه‌ته‌ سه‌رێ‌.
وێڕای‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ نێوخۆی‌ ده‌سه‌ڵاتدا تووشی‌ وه‌زعێكی‌ وابووه‌ كه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیان ئاشكراتر له‌ جاران خۆده‌نوێنێ‌‌و له‌ ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌ییشدا به‌ هۆی‌ وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی‌ ڕێژیم به‌ داخوازییه‌كانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌مه‌ڕ وازهێنانی‌ له‌ پیتاندنی‌ ئۆرانیۆم و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ چه‌كی‌ ناوكی‌‌و بێ‌ئاكامبوونی‌ وتووێژه‌كانی‌ وڵاتانی‌ 1+5 له‌ ژنێڤ و ئیستانبوول، هه‌روه‌ها توندوتیژی‌ له‌ به‌رانبه‌ر مافی‌ مرۆڤدا ڕێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامییان زیاتر له‌ په‌راوێز خستووه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ باسه‌كه‌دا، ئاورێك له‌ دۆزی‌ كورد له‌ هه‌ركام له‌ به‌شه‌كانی‌ كوردستان درایه‌وه‌، پلینۆم به‌ لێكدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوو كه‌ پرسی‌ كورد له‌ ئاستی‌ ناوچه‌یی‌ و نێونه‌ته‌وه‌ییدا گرینگی‌ زیاتری‌ پێ‌ ده‌درێ‌ و ڕۆڵی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ كورد له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان فاكته‌رێكی‌ شوێندانه‌ر له‌م پرسه‌دا بووه‌.
به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ باسی‌ پلینۆم چاوخشاندنێك به‌ سه‌ر وه‌زعییه‌تی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران‌و كوردستانی‌ ئێران بوو، له‌م باسه‌شدا پلینۆم وێڕای‌ پێداگری‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌تی‌ پێشووی‌ حیزب، سه‌باره‌ت به‌ درێژه‌دانی‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌كان پێی‌ داگرته‌وه‌.
له‌ بڕگه‌یه‌كی‌ تری‌ باسه‌كانی‌ پلینۆمدا نوێنه‌ری‌ كۆمیته‌ی‌ كاروباری‌ حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات نه‌زه‌رو ڕاسپارده‌كانی‌ هاوڕێیانی‌ رێبه‌رایه‌تیی‌ حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ خسته‌ به‌رنه‌زه‌ری‌ پلینۆم‌و پاشان به‌رپرسی‌ كۆمیسیۆنی‌ سیاسی‌ ـ نیزامی‌ ڕاپۆرتی‌ كارو تێكۆشانی‌ ته‌شكیلاتی‌ ئاشكرای‌ حیزبی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات پێشكه‌ش به‌ پلینۆم كرد.
ئاخر به‌شی‌ كاری‌ پلینۆم بریتی‌ بوو له‌ باس‌و لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك برنامه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگیی‌ كاروباری‌ مانگه‌كانی‌ داهاتووی‌ حیزب. به‌شدارانی‌ پلینۆم به‌ به‌شداریی‌ چالاكانه‌ی‌ خۆیان له‌مه‌ڕ خستنه‌به‌رباسی‌ هه‌ركام له‌ بڕگه‌كان، هێڵه‌ گشتییه‌كانی‌ راپۆڕتی‌ سكرتێری‌ گشتییان بۆكاری‌ داهاتووی‌ حیزب په‌سند كرد.

حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران
ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌
20ی‌ رێبه‌ندانی‌ 1389ی‌ هه‌تاوی‌
9ی‌ فێوریه‌ی‌ 2011ی‌ زایینی‌

2/10/2011 12:00:00 AM
All Rights Reserved sikirter.org 2009 ©