Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.compt type="text/javascript">
 

کێ لە کۆچى ئاوارەکان سوودمەندە؟

کێ لە کۆچى ئاوارەکان سوودمەندە؟

مستەفا هیجرى

 

لە رێکەوتى 9ى مارسى 2015ى زایینى لە وتارێکدا کە لە ژێر ناونیشانى " کۆمارى ئیسلامى چ خەونێک بۆ عێراق دەبینێ؟" بە پشت بەستن بە هێندێک زانیارى وردو لێکدانەوە، پەنجەمان بۆ ئەو راستىیانە راکێشا بوو کە ئێران چۆن لە پیلاندایە بۆ گۆڕینى دیموگرافیایى عێراق. کۆبەندى وتارەکە بەم دێرانە کۆتایى پێ دێ" بەم چەشنە کۆمارى ئیسلامى دەیەوێ نەخشەى عێراقێک بە شێوەیەک دابرێژێتەوە کە نە کوردو نە سوننە هێزى بەربەرەکانێیان لەگەڵ حکوومەتى شیعەى عێراق نەمێنێ و بۆ خۆى بە نوێنەرایەتى حکومەتى بەغدا ئەو وڵاتە بەو شێوەیەى کە دڵخوازیەتى بەڕێوە بەرێ. ئەم پلانە زەنگێکى مەترسیدارە نەک هەر بۆ عێراق، بەڵکوو بۆ خۆرهەڵاتى نێوەڕاست لە زاڵبوونى هەرچى زیاترى کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەناردەکردنى خێراترى شۆڕشەکەى بۆ وڵاتانى ئەم ناوچەیە. ئەم پلانە لەسەر سیاسەتى ئاژاوەنانەوە، بەردەوامیى شەڕ، پەرەپێدانى برسیەتى و چاولەدەستى خۆکردنى خەڵک، وێرانکردن، دووبەرەکى سازکردن، دوژمنایەتى پێکهێنان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانى خەڵکى ئەو ناوچە، توقاندن و تیرۆرکردن دارێژراوە" .

 

لەو کاتەوە تا ئێستا ئەگەر بە وردى سرنجى رەوتى رووداوەکان بدەین زۆر بە ئاشکرا رەوتى ئەو گۆڕانە دێموگرافیانە بەرچاو دەکەوێ. یەکێک لەو رووداوانە پرسى ئاوارەکانە کە لە ماوەى یەک مانگى رابردوودا بە شێوەیەکى کەم وێنە پەرەى گرتووەو بووەتە کێشەیەکى گەورەى لانیکەم بۆ بەشێکى گەورەى دنیا بە تایبەت خۆرئاوا.

 

کۆچکردن هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى مرۆڤایەتییەوەء، بە هۆى جۆراوجۆر تێکەڵ بە ژیانى مرۆڤ بووە، بەڵام کۆچى بەکۆمەڵ "وەک ئەوەى ئەمرۆ لە ئارادایە" زۆرتر بە هۆى شەڕو وێرانکارییەکان و پلانى سیاسى دەسەڵاتبەدەستان بۆ مەبەستى تایبەتى بەڕێوە چووە. لە ماوەى سەد ساڵى رابردوودا بە دەیان کۆچى لەم چەشنە بە هۆى دەسەڵاتبەدەستانى خۆپەرەست لە ئێران، عێراق و بەشێکى دیکە لە وڵاتانى دوورو نزیکى خۆمان روویداوە.

 

ئەوەى ئەمرۆش لەبەرچاوى دنیا روو دەدا و بە هۆى ئەوەى کە خولقێنەرى دەیان تراژیدیاى ئینسانى ناسراو وەک ئالان منداڵە کوردە چوار ساڵەکەى کوردى سوریا کە جەستەى بێگیانى لە کەنارى دەریاى ئێژە، چاوى میلیۆنان بینەرى پڕ لە فرمێسک کردء دنیاى هەژاند، هەروەها زۆر تراژیدیاى دیکەى ئەو کۆچە کە رەنگە قەت ئاشکرا نەبن و دنیا لێیان بێ خەبەر بمێنێتەوە، یەکێکە لەو کۆچانە کە بە هۆى درێژەکێشانى شەڕ، وێرانى و کوشتارى بەردەوام کە جارێ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییەکەى بەدى ناکرێ و لە ئاکامدا کۆچیش بەردەوام دەبێ.

 

کۆمیسیونى باڵاى پەنابەرانى رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان ( UNHCR) " تا 6ى سپتامبرى 2015 رادەى 4088099 پەنابەرى سووریەى ناونووس کردووە کە لەو ژماریەدا 2/1 میلیون لە میسر، عێراق، ئوردون و لوبنان، 1/9 میلیون لە تورکیە ئاوارەن ئەوە بێجگە لە میلیونان لە خەڵکى سوریەیە کە ناونووس نەکراون، یان ئەوانەى لە نێوخۆى وڵاتدا ئاوارە بوون"(1) ..." بە پێى ئەو ئامارانەى لە 6 مانگى سەرەتاى ئەمساڵ(زایینى) بڵاوبوونەتەوە، نزیک بە 137 هەزار کەس لە رێگاى دەریاى مەدیترانەوە خۆیان گەیاندووەتە سنوورەکانى ئورووپا، 1876 کەسیش لەو ماوەیەدا لە رێگادا گیانیان لە دەست داوە. یەک لە سێى ئەو پەناخوازانە ئاوارەکانى سووریا بوون کە بۆ پاراستنى گیان لە وڵاتى خۆیان هەڵاتوون"(2).

عێراق

بە پێى ئامارى راگەیەندراوى UNHCR لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵى 2014 لە عێراقدا 3596365 کەس ئاوارەى نێوخۆیین. نزیک بە 250 هەزار خەڵکى سووریە( زۆربەیان کوردن) پەنایان بۆ کوردستانى عێراق هێناوە، بێجگە لەوە، لە ئاوارەکانى نێوخۆى عێراق دەیان هەزار کەسیان لە پارێزگاکانى سوننەنشینى ئەنبار، رومادى، تکریتء مووسل روویان لە کوردستان کردووە کە زۆربەیان لە ترسى داعش ماڵ و شوێنى نیشتەجێى خۆیان بە جێ هێشتووە.

 

ئێستا باس لەوە دەکرێ کە داعش یەک لە سێى پانتایى خاکى عێراق و پەنجا لە سەدى پانتایى خاکى سووریەى لە بەردەست دایە. ئەو شوێنانە بەگشتى شوێنى ژیانى سوننەکانن بە کوردەکانیشەوە. سەرجەم ئەو ئاوارانە لە سەرەتاى دەستپێکردنى شەڕى نێوخۆى سووریە و داگیرکردنى مووسل لە لایەن داعش ئاوارەى هەندەران بوون، لەو ماوەیەدا سەربارى ئەوەى لە خراپترین وەزعى ژیاندا بوون، بەڵام بەو حاڵەش چاوەڕوان بوون کە شەڕ کۆتایى پێ بێ و ئەوانە بگەڕێنەوە سەر شوێنە کاولکراوەکانیان، بەڵام کاتێک بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەو چاوەڕوانییە بێئاکامە، هیوایەک بۆ کۆتایى هاتن بەو شەڕە لە عێراق و سووریەدا نیە، رێگاى هاتو نەهاتیان گرتەبەرو بە هیواى گەیشتن بە ئاسایش و ژیان روویان لە وڵاتانى ئورووپایى کرد، ئەوان لەو رێگایەدا لە مردنیش نەپرینگانەوە، چوونکە لە راستىدا ژیانەکەیان بۆ خۆى چەشنێک لە مردن بوو.

 

بەم حاڵە خەونەکەى کۆمارى ئیسلامى بۆ عێراقى دیتبوو( بە سووریەشەوە) خەریکە وەدى دێ، ئەوەى لە شەڕى داعش وڵاتەکەى خاپوور دەکرێ، دەکوژرێ و ئاوارەى هەندەران دەبێ لە هەر دوو وڵات سوننەکان و کوردەکانن، ئەوانەش کە وڵات بەجێ دێڵن گەڕانەوەیان ئەستەمە چوونکە هیچ شتێکیان بۆ نەماوەتەوە، راستە کوردەکان بە قوربانى کردنى سەدان گەنجى کورد کۆبانێیان لە چنگى داعش رزگار کرد، بەڵام کورد بە چ توانایەک کۆبانێ بنیات دەنێتەوە؟

کەوایە بێگومان کۆمارى ئیسلامى ئێران خۆشحاڵە کە سیاسەتەکەى لە پارێزگارى و بەهێزکردنى داعش لە سەرەتاوە تا ئێستا بەرهەمى باشى بووە ـ بۆ ئێران ـ و بەدڵى ئەو چووەتە پێش و گۆڕینى دێموگرافیاى ئەو ناوچانەى بۆ ئاسان کردووەتەوە.

 

لە ئێستادا دنیا حەپەساوی کۆچى سەدان هەزار پەناخوازە کە بەشێکى زۆریان لە سووریاوە (بەکوردو عەرەبى سوننەوە) کەوتوونەتە رێ. ئەوان سەرقاڵى ئەوەن کە چۆن ئەو سەدان هەزار پەنابەرە ماندوو نیگەرانە لە وڵاتانى خۆیاندا جێگا بکەنەوەو لە کۆمەڵگاى خۆیاندا بیانتوێننەوە؟ چۆن دابەشیان بکەن کە هەر وڵاتەى بە پێى قەبارەو تواناى خۆى کۆمەڵێکیان وەربگرێ؟ زۆر بەرنامەو پرۆژەى دیکە پێوەندیار بەو پرسەیە لە ئارادایە، بەڵام ئەوەى بیرى لێ نەکراوەتەوە یان کەمتر بیرى لێ کراوەتەوە وڵامى ئەو پرسیارە گرنگەیە کە هۆکارى سەرەکى ئەم ماڵوێرانی و تراژیدیایە ئینسانیانە چ لایەنێکن؟ چوونکە تا ئەو کاتەى ئەم هۆکارانە بە درووستى نەناسرێن،دەستى جینایەتیان کورت نەکرێتەوە، ئاوارەیى و ماڵوێرانى خەڵکى ناوچە بەردەوامە رێچکەى کۆچ بەرەو هەندەران بەتایبەت خۆرئاوا نابڕێتەوە.

 

ئێمە رامانگەیاندووەو دووپاتى دەکەینەوە کە هۆکارى سەرەکى ئەم تراژیدیایانە لانیکەم لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست کۆمارى ئیسلامى ئێرانە کە بە پاڵپشتى کردنى داعش بە نیازە دێموگرافیاى ئەو ناوچەیە بە قازانجى خۆى بگۆڕێ و مەترسى ئەو هەڕەشانەى کە پێى وایە لە داهاتوودا لە لایەن کوردوسوننەى ئەو ناوچەیە بۆى دێتە پێش لەسەر خۆى لابەرێ یان لانیکەم زۆر کەمى بکاتەوە، بەڵام مخابن سیاسەتى نێونەتەوەیى بەرەو ئەوە دەچێ کە لە جیاتى کورت کردنەوەى دەستى ئەو تاوانبارە سەرەکییەى ئەو هەموو ماڵوێرانى و کوشتارە، وەک پاداشتێک لە چارەسەر کردنى پرسى داعش لە سووریاو عێراقدا بەشدارى بکەن و دەورى بەرچاو بدەنێ! هێندێک لە بەرپرسانى ئەمریکا کە لەو ناوچەیەدا هەڵسووراون ئەگەرچى تا ئێستاش بە گوێرەى پێویست شارەزای پیلانگێریەکانى کۆمارى ئیسلامى و ئیدئولوژییەکانى بە تایبەت سەبارەت بە داعش نین، بەڵام هەستیان بە دەورى ئاژاوەگێرانەى ئەو رێژیمە کردووە، بۆ نموونە دەیڤید پترایوس، فەرماندەى پێشووى فەرماندەیى ناوەندى هێزە چەکدارەکانى ئامریکاو بەڕێوەبەرى پێشووى هەواڵگریى ئەو وڵاتە لە وتووێژێکدا لە واشنتنپۆست لە 20ى ئادارى ئەمساڵدا بڵاو کردوەتەوە هۆشدارى داو گوتى: " هەڕەشەى سەرەکى بۆ سەقامگیرى درێژخایەنى عێراق و ناوچەکە بەگشتى دەوڵەتى ئیسلامى نییە، بگرە میلیشیا شیعەکانن کە زۆربەیان لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن"، بەڵام حکوومەتى ئەمریکا تا ئێستاش لەو هەڵە گەورەیەدایە کە گویا کۆمارى ئیسلامى دژى داعشە و لە شەڕدایە لەگەڵى، هەر بۆیە لە چەند بەرەیەکدا (وەکوو ئازادکردنى ئامرلى لە چەکدارانى داعش) لانیکەم هاوئاهەنگى ناڕاستەوخۆى لەگەڵ کردوون.

ــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوەکان:

(1) کۆمیساریاى بەرزى پەنابەران (UNHCR) لە تورکیە

(2)رادیۆى دویچەولەى ئاڵمان بە زمانى فارسى 9/10/2015

9/17/2015 12:00:00 AM
All Rights Reserved sikirter.org 2009 ©