Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.compt type="text/javascript">
 

رێفۆرمخوازه‌كان و هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو


"رێفۆرمخوازه‌كان بۆ به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌جلیسی‌ نۆیه‌مدا خوازیاری‌ ئازادیی‌ به‌ندكراوانی‌ سیاسی‌، پێبه‌ندبوونی‌ هه‌مووان به‌ یاسای‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و دابینبوونی‌ ئیمكانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بێگه‌رد و ئازادن." محه‌ممه‌د خاته‌می‌

"به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ شه‌رت و مه‌رجه‌ لانیكه‌مییه‌كانی‌ محه‌ممه‌د خاته‌می‌، سه‌ركۆماری‌ پێشوو، دابین نه‌بووه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ مه‌جلیس هیچ سوودێكی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ ئێران نیه‌."
كۆمه‌ڵێك له‌ نوێنه‌رانی‌ ده‌وره‌كانی‌ مه‌جلیسی‌ ئێران، نیشته‌جێی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات

"رێفۆرمخوازه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ مه‌جلیسی‌ شوورای‌ ئیسلامیدا به‌شداری‌ ناكه‌ن." سازمانی‌ موجاهیدینی‌ ئینقلابی‌ ئیسلامی‌

رێكخراوی‌ موجاهیدینی‌ ئینقلابی‌ ئیسلامی‌ هه‌روه‌ها له‌ به‌یانیه‌ی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌، سێهه‌می‌ جۆزه‌ردانی‌ خۆیدا، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ نۆیه‌می‌ مه‌جلیسی‌ شوورای‌ ئیسلامی به‌ "نه‌ك هه‌ڵبژاردنێكی‌ راسته‌قینه‌، به‌ڵكوو به‌ شانۆیه‌كی‌ ئه‌ندازیاریكراو به‌ ئاكامی‌ له‌ پێشدا دیاریكراو بۆ پێكهێنانی‌ مه‌جلیسێكی‌ خاترجه‌م" ده‌زانێ‌.
بزاڤی رێگه‌ی‌ سه‌وزی‌ ئومید له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شداری‌ ناكا.
له‌ ده‌قی‌ زۆربه‌ی‌ نزیك به‌ ته‌واوی‌ ئه‌م به‌یاننامانه‌ و لێدوانانه‌دا سفه‌تگه‌لێك وه‌ك "نمایشی‌"، "فه‌رمایشی‌" و "ئه‌ندازیاریكراو" بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو به‌كار براوه‌. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ له‌ لایه‌ن گرووپه‌ جۆراوجۆره‌ رێفۆرمخوازه‌كانه‌وه‌ له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ جێگای‌ باس و تاوتوێكردنن:
1ـ چاوه‌ڕوانیی‌ ئه‌وه‌ كه‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران، ئیمكانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئازاد دابین بكا، به‌ندكراوانی‌ سیاسی‌ ئازاد بكا و پێبه‌ندی‌ یاسای‌ بنه‌ڕه‌تی‌ بێ‌ تا ئه‌م دۆستانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شداری‌ بكه‌ن و ... هه‌ر په‌ره‌دان به‌و گومانانه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵ رێفۆرمخوازه‌كان پێیان له‌سه‌ر داده‌گرت تا به‌ دانی‌ نرخه‌كانی‌ هه‌رچه‌ندیش قورس بێ‌، ئه‌و گومانه‌ له‌ نێو خه‌ڵكدا پێك بێنن كه‌ ئه‌م حكوومه‌ته‌ پوتانسیه‌ل و توانایی‌ گۆڕان و رێفۆرمی‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ شیاوه‌ ته‌واوی‌ هێزه‌كان له‌ پێناوی‌ رێفۆرمی‌ رێژیمدا به‌كار ببرێن نه‌ك له‌ پێناو گۆڕینی‌ ته‌واویه‌تی‌ ئه‌ودا.
له‌ ماوه‌ی‌ ده‌یه‌كانی‌ رابردوو و له‌ ده‌سپێكی‌ هاتنه‌سه‌ركاری‌ كۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌، ئه‌م رێژیمه‌ بێ‌ ترس و دوودڵی‌ رۆژانه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر چاوی‌ خه‌ڵكی‌ جیهاندا، له‌ پێناوی‌ یه‌كده‌ستكردنی‌ كۆمه‌ڵگا و سڕینه‌وه‌ی‌ جیابیران، ئازادیخوازان، چالاكانی‌ سیاسیی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران، ژنان، خوێندكاران و به‌گشتی‌ توێژه‌ ئاگا و مافخوازه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران بۆ دزێوترین كرده‌وه‌ ده‌ستی‌ بردووه‌ و له‌م پێوه‌ندییه‌دا ته‌نانه‌ت له‌ به‌گژداچوونی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ و كه‌سانێك كه‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌م رێژیمه‌شدا فیداكاریی‌ زۆریان كردووه‌ تۆزقاڵێك خۆی‌ نه‌بواردووه‌.
به‌ڵام لایه‌نی‌ به‌رانبه‌ر، واته‌ رێفۆرمخوازه‌كان و كۆمه‌ڵێكی‌ به‌رچاو له‌ رووناكبیرانیش هیچكات له‌ په‌ره‌دان به‌م گۆمانانه‌ كۆتایی‌یان نه‌كردووه‌ و هه‌وڵی‌ زۆریان داوه‌ تا به‌ڵكوو ئه‌م رێژیمه‌ تۆتالیتار و مرۆڤكوژه‌ به‌ شیاوی‌ قبووڵ و پاساوهه‌ڵگر نیشان بده‌ن و ئه‌و رێژیمه‌"وه‌ك قه‌تارێك كه‌ له‌ هێڵ (ره‌یل) لای‌ داوه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر هێڵه‌كه‌ی‌" و متمانه‌ و ئابڕوو و ره‌وایی‌ له‌ده‌ستچووی‌ بۆ بگێڕنه‌وه‌. ئه‌م گرووپه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گله‌یی‌‌و گازنده‌ كردن له‌ رێژیم هه‌ر كات كه‌ ده‌بوو كارێك بكرێ‌ به‌ هانایه‌وه‌ چوون، له‌و به‌هاناچوونانه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردووی‌ رێژیم بكه‌ین كه‌ به‌ زۆری‌ و به‌ بیانووی‌ جۆراوجۆر و هاومه‌به‌ست له‌گه‌ڵ كارگێڕانی‌ رێژیم خه‌ڵكیان ته‌یار كردووه‌ تا هه‌رچی‌ زیاتر له‌سه‌ر سندووقه‌كانی‌ ده‌نگدان كۆ ببنه‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستی‌ رێژیم له‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و ئاكامگیرییه‌ كه‌ به‌شداریی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردندا هۆی ره‌وایی‌ رێژیمه‌، ئاوه‌ڵا بهێڵنه‌وه‌. له‌م پێناوه‌دا هه‌ڵبه‌ت له‌ نووسینی‌ نامه‌ بۆ رێبه‌رانی‌ رێژیم له‌وانه‌ بۆ وه‌لی‌ فه‌قیه له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئامۆژگاریی‌ دڵسۆزانه‌ش! خۆیان نه‌بواردووه‌ به‌و هیوایه‌ كه‌ رێژیم به‌ پێڕه‌ویكردن له‌ ئامۆژگارییه‌كانی‌ ئه‌وان بۆ چاكسازی‌ و پته‌وكردنی‌ خۆی‌ هه‌وڵ بدا و له‌ مه‌ترسیی‌ رووخان و رووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی‌ وڵات له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا و ... رزگاری‌ بێ‌. له‌ دوایین نموونه‌ی‌ ئه‌م نامه‌نووسینانه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ ده‌قی‌ نامه‌ی‌ 157 كه‌س له‌ چالاكانی‌ سیاسی‌، مه‌ده‌نی‌، خوێندكاری‌ و زانستگایی‌ و هه‌روه‌ها نامه‌ی‌ به‌ڕێز نووریزاد بكه‌ین.
سه‌یره‌ له‌وڵاتێكدا كه‌ رێبه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی‌، خه‌ڵك به‌ پووش و په‌ڵاش (خس و خاشاك) و ئازادیخوازان و جیابیران به‌ شه‌ڕكه‌ر دژی‌ خودا، "مفسد فی‌ الارض"، گوێڕایه‌ڵی‌ بێگانه‌ و دژی‌ ته‌ناهیی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ... ده‌زانن و به‌م تۆمه‌تانه‌ ئه‌وان دادگایی‌ و به‌ په‌تی‌ سێداره‌ ده‌سپێرن و یان به‌ زیندانی‌ درێژماوه‌ مه‌حكوومیان ده‌كه‌ن و له‌ به‌ندیخانه‌كاندا ئه‌وی‌ كه‌ ناشێ‌ به‌سه‌ریاندا دێنن، ئه‌وسا ئه‌م مه‌حكوومكراوانه‌! پاش ده‌یان ساڵ ئه‌زموون و ئاگایی‌ له‌ گۆڕان هه‌ڵنه‌گربوونی‌ رێژیم، هه‌روا له‌ ته‌پڵی‌ رێفۆرمخوازی‌ ده‌ده‌ن و بۆ به‌شداریی‌ خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردندا بۆ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان شه‌رت و مه‌رج دیاری‌ ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا رێژیم رایده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ پێویست ناكات ئه‌وان له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شداری‌ بكه‌ن.
ئه‌م گرووپه‌ له‌ هاونیشتمانانی‌ ئێمه‌ وادیاره‌ ته‌نیا یه‌ك ئاڵترناتیڤ ده‌ناسن كه‌ ئه‌ویش چاكسازی‌ له‌ رێژیمدایه‌ و هه‌ر كات باس له‌ ئاڵترناتیڤێكی‌ دیكه‌ بۆ نموونه‌ رووخانی‌ رێژیم ده‌كرێ‌، هه‌ڵده‌چن و به‌ فێڵ و چه‌واشه‌كاریی‌ جۆراوجۆر و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی‌ دووپاتكراوی‌ خۆیان پاساو بۆ مانه‌وه‌ی‌ حكوومه‌ت و هێندێ‌ جار یاسای‌ بنه‌ڕه‌تیی‌ ئێستای‌ ـ كه‌ خۆی‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ دیكتاتۆرپه‌روه‌رییه‌ ـ ده‌هێننه‌وه‌ و خه‌ڵك له‌ ده‌ره‌نجامه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو و نه‌رێنییه‌كانی‌ هه‌وڵدان بۆ رووخانی‌ رێژیم ده‌تۆقێنن و ئه‌وان تووشی‌ دوودڵی‌ و گومان ده‌كه‌ن، كه‌ نه‌كا ئه‌و به‌هه‌شته‌ی‌ كه‌ ئێستا ئه‌م حكوومه‌ته‌ بۆیانی‌ دابین كردووه‌ له‌ده‌ست بده‌ن. ئه‌و كاته‌ كه‌ بژارده‌كان و رووناكبیرانی‌ وڵات كه‌ ده‌بێ‌ میكانیزمی‌ گۆڕان و وه‌رچه‌رخان بن پاش چه‌ند ده‌یه‌ هه‌روا له‌ بیری‌ رێفۆرمی‌ رێژیمدان و به‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی‌ رێژیمدا نامه‌نووسینی‌ یه‌ك لایه‌نه‌ ده‌كه‌ن و بۆ به‌شداریی‌ خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردندا شه‌رت و مه‌رج داده‌نێن، واته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ رێژیم به‌ فرمی‌ و له‌سه‌ر حه‌ق ده‌زانن، هه‌رچه‌ند گله‌ییگه‌لێكیشیان له‌ حكوومه‌ت هه‌یه‌. ئاكامی‌ ئه‌م جۆره‌ تێڕوانین و كرده‌وه‌یه‌، ده‌بێته‌ ئه‌و ره‌وشه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ وڵاتدا ده‌یبینین و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانێك كه‌ به‌بێ‌ نیگه‌رانییه‌كی‌ ئه‌وتۆ ته‌ڕاتێن ده‌كه‌ن و ئه‌سپی‌ خۆیان تاو ده‌ده‌ن. ئێمه‌ له‌ كاتێكدا شایه‌تی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ داخاوییه‌ین كه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوودا خه‌ڵكانی‌ راپه‌ڕیوی‌ چه‌ند وڵاتێك له‌ دوور و نزیكمان، به‌ لێیڕاوی‌ و بێ‌ دوودڵی‌ بۆ رووخاندنی‌ حكوومه‌ته‌ دیكتاتۆره‌كان هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و به‌ دانی‌ نرخه‌كه‌ی‌ به‌ ئامانجی‌ خۆیان گه‌یشتوون و ئێمه‌ پاش چه‌ند ده‌یه‌ هه‌روا له‌ سه‌ره‌تای‌ پێچی‌ كۆڵانێكن(اندر خم یك كوچه‌ایم).
2ـ پێداچوونه‌وه‌ی‌ دووباره‌ی‌ مه‌رجه‌كانی‌ رێفۆرمخوازه‌كان بۆ به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوودا: "ئازادیی‌ به‌ندكراوانی‌ سیاسی‌، دابینبوونی‌ ئیمكانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئازاد و بێگه‌رد و ..." و ئێستا كه‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ دابین نه‌بوون هه‌ر بۆیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ "فه‌رمایشی‌، نمایشی‌ و ..."دا به‌شداری‌ ناكه‌ن.
پرسیارێك كه‌ لێره‌دا دێته‌ ئاراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ ته‌نیا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ فه‌رمایشی‌ و نمایشییه‌ و هه‌شت هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌جلیس و ده‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماری‌ له‌ ماوه‌ی‌ سی‌ ساڵی‌ رابردوودا فه‌رمایشی‌ و نمایشی نه‌بوون كه‌ ئه‌م دۆستانه‌ تێیاندا به‌شدارییان كرد و كه‌سانی‌ دیكه‌شیان هان دا بۆ به‌شداریكردن تێیدا؟ ئاخۆ له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ده‌یه‌ی‌ رابردوودا ئازادیی‌ به‌ندكراوانی‌ سیاسی و ئیمكانی‌ پێكهێنانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بێگه‌رد و ئازاد ره‌خسابوو؟ له‌ بنه‌ڕه‌تدا چ جیاوازی‌ یان جیاوازیگه‌لێك له‌ نێوان میكانیزمه‌كان و یاساكانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌وره‌ی‌ نۆیه‌می‌ مه‌جلیسی‌ شوورای‌ ئیسلامی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوودا هه‌یه‌؟ وادیاره‌ كه‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیارانه‌ به‌ ته‌واوی‌ روونه‌ چوونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردووشدا ئێمه‌ شایه‌تی‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ "فه‌رمایشی‌ بوون و نمایشی‌ بوون و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندازیاری‌ بۆكراو" بووین كه‌ به‌ زۆری‌ له‌ زمانی‌ به‌ربژاره‌ رێفۆرمخوازه‌ شكستخواردووه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌بڕدران. ئێستا ئه‌گه‌ر رێفۆرمخوازه‌كان ئه‌و راستییه‌یان قبووڵ بێ‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردووشدا مه‌رجه‌ دێموكراتیكه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن دابین نه‌بوون و به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌وان و ته‌واوی‌ خه‌ڵك شایه‌تی‌ فه‌رمایشی‌ بوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاكامه‌كانیان بوون، به‌م پێیه‌ نه‌ده‌بوو له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌شدا به‌شدارییان كردبا ـ ئه‌و ئاكامه‌ی‌ كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێی‌ گه‌یشتوون كه‌ ئاكامێكی‌ درووسته‌ ـ هه‌ر بۆیه‌ لانیكه‌م داوای‌ لێبوردنێك به‌ هاونیشتمانانی‌ خۆیان قه‌رزدارن، به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ "شێواندنی‌ بیروڕای‌ گشتی" هه‌وڵیان داوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شدارییان كردووه‌ و خه‌ڵكیان بۆ به‌شداربوون تێیدا هان داوه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ "ئیمكانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بێگه‌رد" دابین نه‌ببوو.
به‌م رابردووه‌وه‌ به‌ سانایی‌ جێگای‌ تێگه‌یشتنه‌ كه‌ راگه‌یاندنی‌ به‌شدارینه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ نۆیه‌می‌ مه‌جلیسی‌ شوورای‌ ئیسلامیدا كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی‌ ره‌شه‌مه‌دا به‌ڕێوه‌ بچێ‌، له‌ لایه‌ن رێفۆرمخوازه‌كان و ئه‌م گرووپه‌ له‌ رووناكبیران نه‌ك به‌ هۆی‌ ده‌سته‌به‌رنه‌بوونی‌ مه‌رجه‌كانی‌ ئه‌وان بۆ به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵكوو له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌ كه‌ ئه‌م جاره‌ له‌ لایه‌ن شوورای‌ نیگابانه‌وه‌ "زم"ه‌كه‌ به‌ تیژتر ده‌بینن و به‌و راستییه‌ گه‌یشتوون كه‌ نه‌ ته‌نیا باسێك له‌ قبووڵكردنی‌ مه‌رجه‌ داواكراوه‌كانی‌ ئه‌وان له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ له‌ئارادا نیه‌ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ رێبه‌ریی‌ رێژیمه‌ كه‌ بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا مه‌رج بۆ ئه‌وان داده‌نێ‌ و راده‌گه‌یه‌نێ‌: كه‌سانێك له‌وان ده‌توانن له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شداری‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كرده‌وه‌كانی‌ خۆیان په‌شیمانبوونه‌وه‌ رابگه‌یه‌نن و به‌ڵێن بده‌ن كه‌ بۆ جارێكی‌ دیكه‌ تووشی‌ وه‌ها هه‌ڵه‌گه‌لێك نابن. ئاكامی‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ رێژیم راست به‌و واتایه‌ بوو كه‌ ئه‌سته‌م دێته‌ به‌رچاو رێژیم سه‌ڵاحییه‌تی‌ كه‌مینه‌یه‌كی‌ هه‌رچه‌ند لاواز له‌ به‌ربژاره‌كانی‌ ئه‌م گرووپه‌ په‌سند بكا تا ئه‌وان ده‌رفه‌تی‌ به‌شداری‌ له‌ كێبه‌ركێكانی‌ هه‌ڵبژاردنیان هه‌بێ‌، به‌م پێیه‌ جارێ‌ ده‌رگا به‌ روویاندا به‌ته‌واوی‌ داخراوه‌.
به‌ره‌نجامی‌ ئه‌م به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ش رێفۆرمخوازه‌كان خه‌ریكی‌ شێواندنی‌ بیروڕای‌ گشتین، چوونكه‌ به‌ته‌مان به‌ نادرووست وه‌ها له‌نێو بیر و مێشكی‌ خه‌ڵك بهاوێن كه‌ ئه‌وان به‌ هۆی‌ ده‌سته‌به‌رنه‌بوونی‌ داخوازییه‌كانیان كه‌ "ئازادیی‌ به‌ندكراوانی‌ سیاسی‌، پێبه‌ندبوونی‌ هه‌مووان به‌ یاسای‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و دابیننه‌بوونی‌ ئیمكانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بێگه‌رد و ئازاد"ه‌، له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شداری‌ ناكه‌ن تا به‌م شێوه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵك و له‌ جێگای‌ ئه‌و هه‌مووه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ رێژیم و به‌تینڕاگرتنی‌ ته‌نووری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردووی‌، له‌ باتیی داوای‌ لێبوردن، داواكاریش بن!، له‌ كاتێكدا كه‌ پێشینه‌ی‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ده‌رخه‌ری‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌و ئاكامه‌ش گه‌یشتبان كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ كه‌میان ده‌یتوانی‌ له‌ بێژنگی‌ شوورای‌ نیگابانه‌وه‌ تێپه‌ڕێ‌ و بتوانێ‌ له‌ كێبه‌ركێی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ "نمایشی‌، فه‌رمایشی‌ و بێ‌ سوود و ..."دا به‌شداری‌ بكا، بێ‌ تۆزقاڵێك دوودڵی‌ جارێكی‌ دیكه‌ به‌شدارییان ده‌كرد، هه‌روا كه‌ له‌ رابردوودا به‌شدارییان كردووه‌ و ئازادنه‌بوونی‌ به‌ندكراوانی‌ سیاسی‌ و ... ویستی‌ پته‌وی‌ ئه‌وانی‌ بۆ گه‌رمكردنی‌ ته‌نووری‌ هه‌ڵبژاردن له‌رزۆك نه‌ده‌كرد، چوونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ته‌واوی‌ ئه‌و گله‌یی و دڵ ئێشاوییانه‌ی‌ كه‌ له‌ رێژیم هه‌یانه‌، ئه‌وان به‌ سه‌دان به‌ند به‌ ناوكی‌ رێژیمه‌وه‌ گرێدراون و به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌بینین له‌ ته‌واوی‌ ئه‌م راگه‌یه‌ندراو و به‌یاننامانه‌دا نه‌ باس له‌ بایكۆتكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ و نه‌ هاندانی‌ خه‌ڵك بۆ به‌شدارینه‌كردن تێیدا، چوونكه‌ هێشتاش چاوه‌ڕێی‌ به‌خششی‌ رێبه‌ری‌ و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی‌ پڕ له‌ گه‌وره‌یی‌ شوورای‌ نیگابانن تا به‌ڵكوو له‌ رووی‌ به‌زه‌ییه‌وه‌ ده‌لاقه‌یه‌كی‌ چووكه‌ به‌ره‌و روویان بكاته‌وه‌ و ئه‌وان له‌ دوایین ده‌رفه‌ته‌كاندا خۆیان بۆ ته‌بلیغ به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌شداریی‌ خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌رهه‌ڤـ بكه‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌ركی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئیلاهیی‌ خۆیان له‌ هه‌مبه‌ر رێژیمه‌كه‌یان راپه‌ڕێنن و نیشانی‌ بده‌ن كه‌ ئه‌وان هه‌روا ئاماده‌ن له‌ رێگای‌ هه‌رمانكردنی‌ ئه‌م رێژیمه‌ له‌ ژێر هه‌ر ئه‌م یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌دا "بێ‌ یه‌ك وشه‌ زیاد و یه‌ك وشه‌ كه‌م" و هه‌بوونی‌ "بنه‌مای‌ به‌رزی‌! وه‌لی فه‌قیه" دڵسۆزی‌ و نیازپاكیی‌ خۆیان به‌ حكوومه‌تی‌ ئیمام زه‌مان بسه‌لمێنن. له‌ به‌رانبه‌ردا ته‌نیا چاوه‌ڕوانییان هه‌بوونی‌ به‌شێكی‌ هه‌رچه‌ند كه‌م له‌ ده‌سه‌ڵات و پوانگه‌لێكه‌ كه‌ لێی‌ بێبه‌ش بوون.
ن. مسته‌فا هیجری‌

1/5/2012 12:00:00 AM
All Rights Reserved sikirter.org 2009 ©